گوندی ساتیاری

Описание к видео گوندی ساتیاری

گوندی ساتیاری لەو گوندانەیە لە ھەر چوارلاوە بە ڕەزە دێم رازێندراوەتەوە، گوندێکی ئاوەدانە. دیمەنێکی رازاوە و جوانی ھەیە. ئەم گوندە لەھەورامانی لھۆندایە، سەر بەشارۆچکەی (باینگان) و قەزای (پاوەیە) نزیکەی (32)کم لەو قەزایەوە دوورە و نزیکەی (150)خێزانی تێدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانی (800) کەسە.
گوندی (ساتیاری) لەسەردەمی پاشایەتیدا سەربە پارێزگای (سنە) و ناوەکەشی (ھێتمان) بووە. ھێتمان ناوی جوگرافیای شوێنەکەیە، دواتر ئەم گوندە دەخرێتە سەرپارێزگای (کرماشان) و ناوەکەی لە ھێتمانەوە بۆ ناوی عەشیرەتەکە (ساتیاری) دەگۆڕێت، بەپێی لێکدانەوەی خۆیان (ساتیاری) بەمانای کاتی ھاوکاری یان کاتێک بۆیارمەتیدانی دۆست و یاران بەکاردێت. واتای (ھێتمان)یش بەو شوێنە دەوترێت جوتی تێدا بکرێت، لە ھەورامیدا بەجووت دەڵێن (ھیت) ئەم شوێنەش جێگەیەکی کشتوکاڵیە و زەوی و زارێکی زۆر لە دەوری گوندەکەدایە. دانیشتوانی ئێرە شێوەزاریان سۆرانی جافیە، لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا لەلایەن بەگەکانی جوانڕۆوە حوکمکراون، کاروپیشەیان ھاوشێوەی گوندەکانی تری ھەورامان سەخت و گرانبووە، بەپێی وەرزەکانی ساڵ ئیشوکاریان گۆڕاوە، لەوەرزی بەھار و ھاویندا کەمترین پشویان ھەبووە، بەڵام لەوەزی پایز و زستاندا بەھۆی بەفرو سەرماوە توانای کارکردنیان نەبووە و زیاتر لەناو ئاواییدا کاریان کردووە.
لە ھەر گوندێکدا کشتوکاڵ و باخداری ھەبێت، پیشەی دارتاشی و ئاسنگەریش پێویستە، دانیشتوانی ئەم گوندە پێشتر بۆ دەستخستنی ئامرازەکانی کشتوکاڵ و باخداری روویان لە گوندی(خانەگا) و شاری(پاوە) دەکرد، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی دارتاشەکەی ئاواییدا ئەو ھاتوچۆکردنەیان لەکۆڵ بوویەوە، ئێستا ھەنگەوانەکانی ئاوایی سندوقی ھەنگەکانیان لای وەستا(ئەمین) دروست دەکەن و جوتیار و ئاژەڵدارەکانیش بۆ دابینکردنی زۆرێک لە ئامرازەکانیان ڕوو دەکەنە ئێرە و کارەکانیان بۆ ئەنجام دەدات.
وەستا (ئەمین) ھەر لە منداڵیەوە سەلیقەی ھونەری وێنەکێشانی ھەبووە. ئەمەش وایکردووە کارەکەی ئاسانتربێت و بەپێی خواستی کڕیارەکانی ھەرداواکاریه‌کیان ھەبێت دەتوانێت بۆیان دروست بکات. ناوبراو یەکەم کەسە پیشەی دارتاشی ھێناوەتە گوندەکەوە، جگە لەخۆی کەسیتر ئەم کارەناکات، بۆیە بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، پێویستە جوانەکانی ئاوایی فێری ئەم کارە بکات و لە دوای خۆی بەردەوامی پێبدەن.
لەگوندی (ساتیاری)دا شوێنێکی تایبەت بە گەشتیاری کراوەتەوە خزمەتی میوانەکان دەکات، خاوەنی پرۆژەکە دەرچووی بەشی گەشتیاری زانکۆی تارانە، بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە لە کاتی گەشتی زانستی زانکۆدا پەیدابووە، سەردانی زۆربەی شوێنە گەشتیاریەکانی ئێرانی کردووە و ئەزموونی باشی لێوەرگرتوون، لە ناو پرۆژەکەیدا گرنگی زۆری بە بواری فەرھەنگی و کەلەپوری ھەورامان داوە، پێی وایە فەرھەنگ و کەلەپوری ناوچەکە سەرنجڕاکێشە و توانای ئاڵوگۆڕی فەرھەنگی ھەیە لە نێوان میوان و خاوەن ماڵدا.
(ھەنگ) مێروێکی سودبەخشە، مرۆڤ لە دێر زەمانەوە ئاشنایەتی لەگەڵدا پەیداکردووە. ئەو ناوچانەی کەشوھەوایەکی گونجاویان ھەیە پرۆژەی ھەنگداری تێدا دروستکراوە. لە ڕوی ئابووریەوە بایەخی خۆی ھەیە، ئەگەر گرنگی پێبدرێت بەشێک لە داھاتی کەرتی کشتوکاڵ پێکدەھێنێت. دەچێتە چوارچێوەی بەشی ئاژەڵداریەوە، (مێشە ھەنگ) دەستی لە جوانکردنی سروشتدا ھەیە، ئەو باخانەی نزیکن لەپرۆژەی ھەنگداریەوە بەرھەمیان زیاتر و چاکترە. لەبەر گرنگی و بایەخی ھەنگ لە ناو تێکستە ئاسمانیەکاندا جێی ئاماژەیە و ھەنگوینەکەی بۆ چارەسەری بەشێک لە نەخۆشیەکانی مرۆڤ بەکاردەھێنرێت.
ساتیاری جیاواز لە گوندەکانی تر کارگەیەکی چنینی تابلۆ فەرشی تێدابووە، ئەم کارگەیە دەروازەیەکی گرنگ بووە بۆ ژنانی ئاوایی، بەشێکی زۆریان لەم کارگەیەدا کاریان کردووە، ئێستا زۆرێک لە کچان و ژنانی ئێرە پیشەی چنینی تابلۆ فەرش دەزانن، لە ناو ماڵەکانیاندا ئەنجامی دەدەن و بەشێک لە خەرجی خانەوادەکەیان لەئەستۆدەگرن.
دروستکردنی تابلۆفەرش کارێکی گرانە و وردەکاری و کاتی دەوێت، زۆرجار (25) ڕەنگ لەناو نەخشەکەدا کێشراون، پێویستە ئەو ڕەنگانە لەناو فەرشەکەدا بنەخشێنیت.
ئەم گوندە ھەموو جۆرە پیشەیەکی تێدایە، لەبواری باخداری و پیشەی دەستی و ھەنگداری و تەنانەت پرۆژەی گەشتیاریدا دەستێکی باڵایان ھەیە، ئەمەش وایکردووە ئابووریەکی گەشەسەندوویان ھەبێت و دەستی کار بۆ دانیشتوانەکەی فەراھەم ببێت.
https://www.kurdistan24.net/so/ahura

Комментарии

Информация по комментариям в разработке