سەعاتەکانی وەڕسبوون بە شی ۲ | شێرکۆ بێکەس

Описание к видео سەعاتەکانی وەڕسبوون بە شی ۲ | شێرکۆ بێکەس

سەعاتەکانی وەڕسبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۲"

لەماڵەوەم
لە پەنجەرە گەورەکەوە
کە تەپ و تۆز، تەماشای ڕێڕێ کردووە
چاوم لێیە لە دەروە
"با"یەکی مۆن ... دەست تووکن و
پەنجە ئەستوور
لەو دیوەوە لقی شۆڕی دار هەناری
حەوشە ئەگرێ و تۆزێ ئازاری ئەدات و
لەپڕێکدا وەک پەشیمان بووبێتەوە
کپ ئەبێت و دەس دائەگرێ و

لەدواییشدا "با"ی سەرەڕۆ
لەبەر خۆوە
هەندێ بۆڵەبۆڵ ئەکات و شەقێ
لە قنگی خۆی ئەدا و
بە بێزاری بە کۆڵاندا تێئەپەڕێ!

لەماڵەوەم
لەگەڵ تەنیایی دانیشتووم،
زەمان لەشی ئێجگار قورسە و نە ئەجووڵێ و
نە هەڵئەستێ بڕوا و نە ئەچێتەوە بۆ دواوە و
نە حیکایەتم بۆ ئەکا و هەر بۆ پێشەوە مل ئەنێ و
هەقی نییە بەسەرەوە، من چیم لێدێ !

"لەولایشەوە لەسەر تەپڵەکی جگەرە،
دوو جگەرە لە شێوەی من و تەنیایی،
سووتوویان درێژبۆتەوە،
تا خاڵی مەرگ و کۆتایی.."

لە ماڵەوەم...
لەگەڵ تەنیایی دانیشتووم
نە ئەو ژنی هەیە و نە من،
نە ئەو میوانی دێ و نە من،
نە ئەو منەتی دنیا هەڵئەگرێ و نە من،
جاری وا هەیە، پێکەوە ئەنووسن و
پێکیشەوە دەس هەڵئەگرین،
جاری وا هەیە من ڕقی هەڵئەستێنم و
دەنگی ڕادیۆم...
زۆر بە بەرزی ئەکەمەوە!

جاری وایش هەیە ئەو تووڕەم ئەکات،
کە ڕێ لە خەیاڵم ئەگرێ و،
گران ئەیدا بە دەستەوە...
یان هەر نایدا و قەڵەمم پێ فڕێ ئەدات.

لەماڵەوەم ...من ناجووڵێم
وەکوو ئەوەی بەهرەم کۆتایی هاتبێ،
وەکو ئەوەی تەڕایی شیعرم نەمابێ،
وەکو ئەوەی دڵی مەراقم وەستابێ،
زمانم بیر چووبێتەوە،
یاخود زمان، منی لەبیر چووبێتەوە،

من ناجووڵێم ... ئەوەی بە تەنها ئەجووڵێ،
ئەوەی بە تەنها ئەنووسێ و
نووسینەکەی بە" با" ئەچێ،
هەر دووکەڵی جگەرەیە.


شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.

Комментарии

Информация по комментариям в разработке