مامۆستا جاسم کەلاری - شوکری خودا

Описание к видео مامۆستا جاسم کەلاری - شوکری خودا

نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی
کە ئەم بایە هەتا ئێستا کە هەر عومری بە با داوی

حەیاتت نەقدی تەحسیلی بەقا و ڕیبحی ڕیزوانە
ئەتۆ دەیکەی بە مایەی دەخڵ و خەرج و کەسبی بەدناوی

عەجەب ماوم لە جەرگت، ئەی دڵەی غافڵ، کە موددێکە
لەسەر ئەم ئاگرەم داناوی، هێشتا هەر نەبرژاوی

مەسەل دنیا ژن و، چەرخیش خەڕەک، دەم دەم بە دووخی غەم
ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکو هەر خاوی

زەمانە چەرخ و، چەرخی ئاسمانیشی، فەلەک فیلکە
سەری ڕشتەی وجوودی چەندە باداوی و هەر ماوی

مەگەر مەیخانەیە دنیا کە وا کاسی لەبەر کەئسی!
بە نەغمەی عوودی سووتاوی، بە نەشئەی تاسی تاساوی!

ئەمێستەیش، گەرچی عەیش و عوشرەتت هەر تاڵ و تاڵاوە
بە مەرگی تۆ، لە پاشانیش دەخۆی تاڵاوی تاڵاوی

هەوای سەیری بەڕ و بەحر ئاگری بەرداوەتە عومرت
کە تۆزێ مونعەقید خاکی، دڵۆپێ مونجەمید ئاوی!

کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی
کە ئاوی، ئاوی گەوهەر بە، وەگەر نە، بڵقی سەرئاوی

هەتا شەققەی فەلەک نەبووە بە کافووری کفن، هەستە
کە ئەمشەو فرسەتە، هێشتا فەلەک ماوی، ئەتۆش ماوی

نەواڵەی تۆبە دەربێنە، هەتا تەن نەبووەتە سفرە
پیاڵەی شیشە بشکێنە، هەتا وەک کووپە نەشکاوی

بە میعراجی سولووکی سالیکاندا تا نەچی ڕۆژێ،
لەناو جەهلی مورەککەبدا دەمێنی هەر وەکوو ماوی

گەدا ئینسان و دنیا غوربەتە مِنْ حَیثُ لا تَشْعُرْ
بە هیممەت تالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی

شتێکە بی شەبیهـ و جینس و فەسڵ و کەشف و تەقریرە
موبەڕڕایە لە تەقریر و حەدیسی حادیس و ڕاوی

نەزانینت لەبەر عیجزە، نەوەک جەهلە، کە ئەم چشتە
قەدیمە نایەتە تەقریری قەولی حاکی و ڕاوی

لە قورئاندا بە ما أُخْفی لَهُمْ مەکتووم و مەختوومە
بەیان نابێ بە تەفسیری دوسەد (کەششاف) و (بەیزاوی)

موبەییەن بوو لە قورئاندا بە نووری قُرَّةُ الأَعْینْ
نە وازیح بوو بە (کەششاف) و، نە ڕۆشن بوو بە (بەیزاوی)

کە جێگەت بۆ عیبادەت بێ، چ فەوقانی، چ تەحتانی
کە حوببت بۆ سیادەت بێ، چ بەرزنجی، چ باراوی

مەکە دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دونیا
کە سەیید بی، چ بەرزنجی، چ پیریایی، چ باراوی

وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم نالی ئەگەر فەرزن
هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران و داماوی

نالی

Комментарии

Информация по комментариям в разработке