Legel Ranj |لەگەڵ رەنج |کورد کێیە؟

Описание к видео Legel Ranj |لەگەڵ رەنج |کورد کێیە؟

هەرچەندە دووربوون لەیەكتری، ئەو لە ستودیۆی هەولێر، ئەمیش لە ‏ئەشكەوتێكی نزیك سلێمانی لە(هەزارمێرد)، بەڵام لەسەر (مێژووی كورد ‌و ‏نەژاردەكەی) گفتوگۆیەكی گەرم لەنێوانیاندا دروست بوو، سۆران حەمەڕەش، ‏كە لە نێو ئەشكەوتەكەدا لەگەڵ ستافی بەرمامەكە ئامادەبوو بە هەموو ‏بڕوایەكیەوە، جەختی لەوە دەكردەوە، سۆمەرییەكان كورد بوون، تەنانەت ‏گەیشتە ئەوەی كە بڵێ‌ "كورد سۆمەری نییە، بەڵكو سۆمەرییەكان كورد ‏بوون، ئێمە بە هەموو شتێك سۆمەرین". ئەم بۆچوونەی نەك د. زرار كە ‏میوانی ئەم بەرنامەیە بوو، بەڵكو بەشێكی زۆری مێژوونووسانی كوردی ‏نیگەران كردووە.

د. زرار تۆفیقیش، كە لە ستودیۆی هەولێرەوە بەشداری ‏بەرنامەكەی كردووە بەتووندی ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ پەیوەندییەك لە ‏نێوان كورد ‌و سۆمەرییەكاندا هەبێت ‌و گوتی: "كورد هەرگیز سۆمەری ‏نەبووە و نییە، چونكە سۆمەرییەكان لە كوردستاندا حكومیان نەكردووە". ‏لەبارەی (رەگەزی ئاری) ‌و پەیوەندیی بە كوردەوە، سۆران حەمەڕەش ئەوە ‏رەتدەكاتەوە كە كورد پەیوەندیی بە (رەگەزی ئاری)یەوە هەبێت ‌و دەشڵێت: ‏‏"ئاری بوونی كورد نازانستییە ‌و راستی تێدا نییە، تەنانەت میدەكانیش ‏خەڵكی ئێرە نەبوون". هەموو ئەو بۆچوونانەشی لە پەرتوكێكدا بەناوی ‏‏(مێژووی بز‌و نەگێڕدراوەی كورد) نوسیوەتەوە. د. زرار تۆفیق ئەوە ‏دەخاتەڕوو وشە بە وشەی ئەو كتێبەی سۆران حەمەڕەشی خوێندووەتەوە ‌و ‏بۆیە ئامادەیی هەموو جۆرە گفتوگۆیەكە لەسەری ‌و گوتیشی: "ئە‌و كتێبەی ‏كاك سۆران چەواشەكاری ‌و گەڵتەجاڕییە". ‏

جگە لەو دوو شارەزایەی مێژووی كورد، چەندین خوێندكاری بەشی مێژووی ‏زانكۆی سلێمانی لەبەرنامەكەدا بەشداربوون، لەنێو ئەو گفتوگۆ گەرمەدا، كچە ‏خوێندكارێكی بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی دەڵێت: "كە هاتم بۆ ئێرە ‏‏(هەزار مێرد) وەك ئەوە وابوو گەشت بە كاتدا بكەم ‌و بڕۆمەوە بۆ ئەو ‏سەردەمەی مرۆڤەكان چۆن بە سادەیی لێرە ژیاون". ئەو كچە خوێندكارە ‌و ‏هاوڕێكانی رێگایەكی سەخت ‌و هەوراز ‌و نشێویی زۆریان بڕی تاوەكو گەیشتنە ‏نێو ئەو ئەشكەوتەی بەرنامەكەی لێ تۆمار كرا. دیمەنەكانی ئەم بەرنامەیە ‏ناوازە ‌و جیاواز بوون، چونكە لە دوو كاتی جیاوازی رۆژ ‌و شەو گیراون. ‏ستافی بەرنامەكە ‌و میوانەكانیش رێگایەكی سەخت ‌و پێچاو پێچیان بڕی ‏تاوەكو لە نێو دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو ئەشكەوتەدا باس لە مێژوویەكی ‏دێرینی كورد بكەن.‏
'باشبوو ناویان گۆڕیم' ‏

سۆران حەمەڕەش كە بەتوندی دژی ئەوەیە، رەگەزی ئاری ‌و كورد بەیەكەوە ‏ببەسترێنەوە، بە منداڵی تاوەكو شەش مانگی خۆی ناوی (ئاری) بووە، بەڵام ‏دواتر گۆڕیویانە بە سۆران. ئەو دەڵێت: "باشتر كە كردوویانەتە سۆران، چونكە ‏‏(ئاری) خۆ حیكایەتە ‌و لە دەرەوەی زانستە، بەداخەوە ئێمە چەندین ساڵە ‏بەوەوە سەرقاڵكراوین كە ئێمە ئارین یان زەردەشتین، لەكاتێكدا ئەمانە هیچ ‏بەڵگەیەكی زانستییان لە پشتەوە نییە".‏

سۆران حەمەڕەش ئاماژە بەوەش دەكات، هەر لە منداڵیەوە خولیا ئەوەی ‏هەبووە بزانێ‌ مێژوو كورد چییە "30 ساڵە لەو بوارەدا خەریكم تاوەكو ‏گەیشتم بەوەی سۆمەرییەكان كورد بوون ئەوەشم بە چەندین بەڵگەی ‏زانستی سەلماندوە".‏


هەموو ئەوانەش كە پێچەوانەی ئەو بۆچوونن وەك مێژوویەكی راستەقینە بۆ ‏كورد نوسراوەتەوە، سۆران حەمەڕەش بە مێژوویەكی سیاسی ‌و گاڵتەجاڕی ‏ناویان دەبات دەشڵێت: ‏"سەرەتای مێژووەكە، كورد نەینووسیوەتەوە، بەڵكو ‏ئەورووپییەكان مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان نووسیوەتەوە، لەكاتێكدا لە ‏مێژوودا كورد خاوەن ئیمپراتۆرییەت بووە، بەڵام دواتر ناسنامەیەكی ‏درۆیینانەیان خستووەتە پاڵمان".

Комментарии

Информация по комментариям в разработке