ئەحمەد موختار بەگی جاف Ehmed Muxtar Begi Caf

Описание к видео ئەحمەد موختار بەگی جاف Ehmed Muxtar Begi Caf

ئەحمەد موختار جاف شاعیری دیار و نیشتیمانپەروەری کوردە کە لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستدا بیری یەکخستنی نیشتیمان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی لە هزردا بووە و وەک دەوڵەتێکی پێشکەوتوو خەونی بە کوردستانێکی یەکگرتووەوە بینیوە. ئەمە یەکێک لە هەڵبەستە بەناوبانگەکانییەتی:
پاش قڕانی موددەع دەست پێئەکەن تەعمیری موڵک
ڕێگەی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە
کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باخ و جادە و قەیسەری
بۆ تەماشای دەستە دەستە دێن لە ئینگلستانەوە
ئەحمەد موختار جاف كەسایەتییەکی نیشتمانی ‌و كۆمەڵایەتی‌ و شاعیر‌ و چیرۆكنوسێكی گەورەو پایەبەرزی كوردستانە کە لەڕێی بەرهەمە ئەدەبیەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی ئەدەبی ‌و كەلتوریی كوردستان كردووە. ئەحمەد موختار کوڕی وەسمان پاشای گەورەی عەشیرەتی (جاف)ە. لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری هەڵەبجە لە دایکبووە، دایکیشی عادیلە خانم یەکێک بووە لە ژنە ناودار و هەڵکەوتووەکانی کورد، یەکەم ژنە دەسەڵاتداری میری و قایمقام بووە لە مێژووی کوردا. عادیلە خانم دەسەڵاتێکی بەهێزی هەبووە و لە بواری ڕامیاریدا بەناوبانگ بووە. وەسمان پاشای باوکی و مەحموود پاشای مامی کە هەردووکیان میر و لە سەرۆکە هەرە گەورەکانی خێڵی جافن، لە لایەن سوڵتانەکانی عوسمانییەوە پلەی پاشایەتییان پێ دراوە لە هەڵەبجه حاکمییەتی و قاییمەقامییان کردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەخرێتە بەر خوێندن. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا ھاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو کوڕ و سێ کچ بووە . ئەحمەد موختار بەگ لەبەرئەوەی لە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار و بەناوبانگی جافە، تێکەڵی ڕامیاری و کاروباری دەوڵەتیش بووە. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی خۆشەویست و خێرەومەند بووە. لە ساڵانی ١٩١٩بۆ١٩٢٤ قایمقامی قەزای هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٢٤ لە یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەبێتە ئەندامی پەڕلەمان. بێجگە لە زمانی کوردی زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی و تا ڕادەیەکیش ئینگلیزی زانیوە. خۆی و تاھیر بەگی برای بەدوو شاعیری گەورەی کورد دەژمێردرێن. ئەم شاعیرە بەتوانایە لە ھەموو بوارەکاندا شیعری وتووە و ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی لەریزی پێشەوەی ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو دادەنرێن. ئەحمەد موختار دۆست و هەڤاڵی زۆربەی شاعیر و ڕۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆی بووە، وەک: بێکەس، گۆران، سەلام، عەبدولواحید نوری و هتد. خاوەنی چەندین شیعری بەرزی نیشتمانی ‌و نەتەوەییە، بە شیعرەكانی بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە. لە هۆنراوەکانیدا ڕێچکەی نیشتیمانپەروەری و ئەڤینی گرتووە.
ئەحمەد موختار زۆر بەتوندی پەیوەستی نیشتمان و کوردایەتی بووە و لە پێناو کوردستاندا ئامادەی گیان‌سپاردن بووە و ئامادە بووە بە گژ نەیارانیدا بچێتەوە. وەک خۆی لە هەڵبەستێکدا ئەڵێت:
جەژنی قوربان ساڵی جارێ خەڵکی قوربانی یەکەن
بۆ وەتەن من ڕۆژی سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم
شێتی چاوی لەیلی کوردم بۆیە وا مەجنوون سیفەت
خۆم بە دایم ڕووت و قووت و سەرسەری و عوریان ئەکەم
سەیری کەن بەم مشتە قەومی کوردەوە مانەندی شێر
گاهێ حەملە ڕووبەڕووی ئێران، گەهێ تورکان ئەکەم
کوردم و بۆ کوردی (ئەحمەد) سەعی ئەکەم تا بەم زووە
ئیتیحادی کوردی خۆمان سنە و بۆکان ئەکەم
سەرەڕای هۆنراوەش، چیرۆکێکی هەیە بە ناوی (مەسەلەی ویژدان)، کە لە ساڵی ١٩٧٠ لە بەغداد چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە بە شاکاری بناغەدانەری چیرۆکی کوردی ناسراوە و هەر لەسەر ئەم کتێبەی کە ڕەخنەیەکی توند بووە لە ڕاستیی ئەو سەردەمە، بۆ ماوەیەک لای شێخ مەحموود بەند دەکرێت و دواتر ئازاد کراوە. مەسەلەی ویژدان وەک دەقێکی چیرۆکی، گرینگایەتییەکەی لەوەدایە کە نووسەرەکەی لە کەشێکی جیاوازی فکریدا کە کەشی شیعری کلاسیکە، ڕووی لە بوارێکی تازەی ئەدەبی واتە گێڕانەوە کردووە. لە ڕوانگەی دوکتر ئازاد موکرییەوە بەرهەمەکانی ئەحمەد موختار و جەمیل سائیب تەنیا وەک ئەزموونی ئەدەبیی گێڕانەوەیی و حەولی سەرەتایی باسیان دەکرێ. چون ئەوەی ڕاستی بێ تا پێش ئەوان نەتەنیا چیرۆک نووسین بەڵکوو پەخشانی کوردییش زۆر کەمە.
ئەحمەد موختار جاف لە ڕۆژی (٦)ی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٣٥ و لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا لە سەر ڕوباری سیروان شەهید کراوە و چۆتە ڕیزی نەمرانەوە و تەرمەکەی لەگوندی عەبابەیلێی نزیکی ھەڵەبجە بە خاک سپێردراوە.
نمونەیەک لە هۆنراوەکانی
لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە
کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە
تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە
بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن
گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
زوبانی حاڵی (ئەحمەد) هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت
بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە

Комментарии

Информация по комментариям в разработке