سەعاتەکانی وەڕسبوون بەشی «۱» | شێرکۆ بێکەس

Описание к видео سەعاتەکانی وەڕسبوون بەشی «۱» | شێرکۆ بێکەس

#سەعاتەکانی_وەڕسبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۱"

لە ماڵەوەم
وەکوو هەموو ڕۆژێکی تر
لەگەڵ "تەنیایی" دانیشتووم.
من لەسەر کورسیەکەی خۆم و
ئەویش لەسەر کورسی خۆی و بەرامبەرم.

هەر دووکیشمان جلی ماڵ و
هەر لە یەک ڕەنگ
بیجامەمان لە بەردایە...
ڕەنگی بیجامە، شینێکی تۆزێ کاڵە و
خەت خەتی زەردیان تێدایە.

من باڵام مامناوەندییە و
هەناسەم زوو زوو تەنگ ئەبێ و،
بەڵام تەنیایی وا نییە،
تەنیایی باڵای درێژە و هەناسەکانی
توولانی و شەو و ڕۆژ چاوی هەر زیتە و
خەوی نایە و کەمجار ئەدوێ و
بیرم نایە لە کەیەوە لەگەڵمایە.

تەنیایی ئاپوورەی ناوێ
حەز بە تێکەڵبوون ناکات و چارەی شایی و
دەنگە دەنگ و هاوار هاواری هەر ناوێ.
ئەوەی کە ڕقی لێیەتی و
هەرگیز لەگەڵیا ناگونجێ.
دەنگی دەهۆل و زوڕنایە!

جگە لە خۆی
نایەوێ کەس هاوڕێم بێت،
ئەیەوێ هەر خۆی لە لام بێ،
گەر بنووسم یەک لەدوای یەک
جگەرەم بۆ دائەگرسێنێ و
"خەیاڵ"م ئەکا بە تەیر و تەیر بە شیعر و
شیعریش بەرەو ئاسمانێکی بێ کۆتایی،
هەڵئەفڕێنێ.

لە ماڵەوەم
تەنیایی هەر بەرامبەرمە،
لە ڕاستیدا ماوەیەکە ئەوەتەی
خانەنشین بووم،
من تاقەتم چووە لەو و کەچی ئەو،
وەکوو خۆی وایە و نەگۆڕاوە و
لەوەیش ناچێ قەت تاقەتی
لە من بچێ...

ئەو ڕۆژە ویستم سەردانی باخێ بکەم،
لەوێ چاوم بە بەستەیەکی
کۆنەدۆست بکەوێت و
هەر بە یادی جارانەوە دەستی بگرم،
کەمێک لەگەڵیا هەڵپەڕم،
بەڵام تەنیایی بەر دەرگای لێگرتم و
لەگەڵ تاوە بارانێکی لە ناوەختا،
بە هەر دووکیان منیان گەڕاندەوە دواوە و
دەرگایان لەسەر داخستم...


شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
.

Комментарии

Информация по комментариям в разработке