كارەساتی هەكاری چۆن ڕویدا و بۆچی ڕویدا؟

Описание к видео كارەساتی هەكاری چۆن ڕویدا و بۆچی ڕویدا؟

كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكۆبوونەوەكانی خولی دووەم، كە لەبەهاری(1978) بەسترا، بڕیاریدا بنكە‌و بارەگاكانی خۆی بۆناوچەكانی برادۆست لەسەر سێ سنوری(ئێران- عێراق-توركیا)بگوازێتەوە.(1)
گواستنەوە بۆئەم ناوچەیەش بۆچەند هۆكارێك دەگەڕایەوە لەوانە: لەلایەك ئێران‌و عێراق دژی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ بوون، بەتایبەت ئێران تادەهات ناوچەكانی لەیەكێتی بەرتەسك دەكردەوە‌و دواجار یەكێتی ئاگادار كردەوە بۆئەوەی بارەگاكانی خۆی لەنۆكان چۆڵ بكات.
حكومەتی بەعسیش نیازی هەبوو لەرۆژی(1/6/1978)دا گوندەكانی ئەو ناوچەیە بەقوڵایی(20 كم) رابگوێزێت.(2) یەكێتی دەیویست پێش ئەو رۆژە چەك‌و تەقەمەنی لەسوریاوە بهێنێت‌و بەسەر هۆزو عەشرەتەكانی ئەو ناوچانەدا دابەشی بكات، بۆئەوەی بەرگری لەخۆیان پێبكەن.
لەلایەكتریشەوە پێشنیاز‌و داواكاری رێكخراوی دەدەقەدە(DDKD).(3) لەباكوری كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبوو لەقەناعەتپێكردنی یەكێتی بۆگواستنەوەی بنكە‌و بارەگاكانی بۆناوچەی هەكاری. رێكخراوی دەدەقەدە(DDKD) كورتكراوەی ناوی(كۆمەڵەی كەلتوری شۆڕشگێڕی دیموكرات)بوو، ناو توركییەكەشی(DEVRIMICI DEMOCRAT KULTUR DEREGI) ئەو رێكخراوە سیاسییە چەپە بوو، كەكۆمەڵێك لاو‌و خوێندكاری زانكۆ دایانمەزراند لەساڵانی حەفتاكان، لەباكوری كوردستان، دەستیكرد بەجموجوڵی سیاسی‌و رێكخستن. سەردەمێك هاوكاری(یەكێتی نیشتمانی كوردستان)ی كرد لەرووی گواستنەوەی مەفرەزەكانی پێشمەرگە‌و چەك‌و تەقەمەنی‌و رێنیشاندان‌و چاوساغی.
بەڵام لەنێو ئەم رێكخراوەدا دوو بۆچوون هەبوو، بۆچوونی یەكەم لەگەڵ هاوكاری یەكێتیدا بوو، كەنەجمەدین بیوك كایا(نەجۆ یان سەلاح) خاوەنی بوو، بۆچوونی دووەم (عومەر چەتین)، كەبەرپرسی رێكخراوەكە بوو بەوشێوەیە بیری نەدەكردەوە.(4) جگەلەوەی ئەو ناوچەی برادۆست و هەكاری شوێنێكی ستراتیژی گرنگ بوو، بەئاسانی چەك‌و تەقەمەنی‌و پێویستییەكان لەسوریاوە دەگەیشتە شۆڕش.
بۆیە یەكێتی بەپێویستی زانی هێز لەو ناوچەیە جێگیر بكات.(5) یەكێتی بەهۆی هاوكاری دەدەقەدە لەگەڵ قاچاغچییەكان، كەچەكیان پێدەفرۆشتن، تاڕادەیەك خۆی پڕ چەك كرد‌و لەكاتی رۆیشتنی هێزەكانی یەكێتیشدا بۆناوچەی هەكاری پشت بەدەدەقەدە بەسترابوو، بۆئەوەی ئەو چەكانەی لەقامیشلییەوە(د.كەمال خۆشناو) ئامادەی كردبوو، بگاتە دەستیان.(6)
بۆیە یەكێتی نزیكەی(800)پێشمەرگەی بەسێ رەتڵ بەرەو ناوچەی برادۆست بەڕێخست.(7). رەتڵی یەكەم بەسەركردایەتی (د.خالید سەعید) لەزەڵێ وە دەرچوو، رۆژی(17/4/1978) بەئاراستەی بیركمە‌و سیدەكان‌و برادۆست‌و ژمارەیان (320)پێشمەرگەیەك بوو، (150) پێشمەرگەیان بێچەك بوون‌و توانیان رۆژی(11/5/1978) بگەنە گوندی (جورجان) لەسەر سنوری توركیا. رەتڵی دووەم بەسەركردایەتی (عەلی عەسكەری‌و تایەری عەلی والی بەگ) بوو‌ پاش چەند رۆژ لەجوڵانی رەتڵی‌ یەكەم بەئاراستەی خانە‌و كێلەشین‌و حەسارۆست لەسنوری عێراق‌و ئێران رۆیشتن‌و زیاتر لە(500)یپێشمەرگەی لەخۆگرتبوو، كە(150)یان بێچەك بوون. رەتڵی سێیەم بەسەركردایەتی مام جەلال ‌و نەوشیروان مستەفا بوو، كەنزیكەی(50) پێشمەرگە دەبوون، لەنێوانیاندا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و لیژنەی ئامادەكاری(پ.د.ك)‌و پاسۆك هەبوون، لەناوچەی زەڵێ لەنزیك قەڵادزە جوڵان‌و دوای(3)رۆژ گەیشتنە دۆڵە كوگە‌و چیای قەندیل.


پاش چوونە ناوەوەی ئەم هێزانە بۆناو خاكی توركیا، بەتایبەتی رەتڵی یەكەم‌و دووەم، لەلایەن هۆز‌و عەشیرەتە كوردییەكانی توركیاوە وەك(گۆییەكان، ژیركی، سلیڤانییەكان) بۆسەیان بۆدانرا‌و هێرشیان كرایەسەر. ئەمە جگە لەوەی لەرێگا لەلایەن عێراق‌و ئێرانەوە هێرشیان كرابووە سەر. ئەم هۆزانە جگە لەوەی بەكرێگیراو بوون‌و كێ پارەی زیاتری پێبدابان كاریان بۆئەو دەكرد، هاوكات لەلایەن میتی توركیا‌و سەركردایەتی كاتیی پارتی (قیادە موەقەتە)شەوە، كە لەناوچەكانی (هەكاری، ئولودەرە، شیرناخ)، بارەگایان هەبوو(8)، هاندرابوون لەو هێزانەی یەكێتی بدەن. بۆیە لەرۆژی (1/6/1978)لەگوندی (بازە) گەمارۆدران‌و دوای شەڕێكی قورس ژمارەیەكیان لێكوژرا‌و برینداربوو، هەندێكیشیان لەلایەن جەندرمەی توركیاوە، كە لەو ناوچانەدا بارەگایان هەبوو بەدیلی دەسگیركران.
لەكۆتاییدا پاش دەردەسەرییەكی زۆر‌و شەڕی خوێناوی‌و سەرما‌و برسێتی بەشێكی زۆری هێزەكانی یەكێتی كوژران‌و بەشێكی تریشیان بەدیلی گیران‌و تەنها هەشت پێشمەرگە خۆیان بەدەستەوە نەدا‌و رزگاریان بوو، لەرۆژی(16/6/1978) گەیشتنەوە بارەگای یەكێتی لەقەندیل.(9) ئەو هەشت پێشمەرگەیەش بریتی بوون لە(محەمەدی حاجی مەحمود، رەفیق پارەزانی، مەحوود زەردۆیی، تاهیری حاجی عەزیز، حەمە رەش گرێزەیی، جەمال عەلی باپیر، بەكرە سور، ئاوات گەڕەدێی). زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی بەدیلی كەوتنە دەستی هێزەكانی سەركردایەتی كاتیی پارتی (قیادە موەقەتە)، بەتایبەتی هەریەكە لە(عەلی عەسكەری‌و د.خالید سەعید‌و شێخ حسێن شێخ بابە)، كە دەستگیركران دواتر لەلایەن ئەوانەوە بەدیلی كوژران(10)، بەڵام زۆربەی دیلەكانیتر ئازادكران.(11)

Комментарии

Информация по комментариям в разработке